نەوەی دز

لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  777 بینین
ئەوەی دز بێت و گەر دز بن
حەقی خۆیانە قەی ناکا
وەچەی فاسق حەیاسز بن
کەسێ لۆمەی ئەوەی ناکا
***
بەڵام پیاوی وەجاخزادە
لە ڕێگەی چەوتەوە بڕوا
شتێکی پەست و بەربادە
لەلای عالەم ئەبێ ڕیسوا
***
ئەوەی فێری خیانەت بوو
بە مردن وازی لێ دێنێ
لە ڕێ چۆن لائەدا بەدخوو
بە چاکەش خۆی کە بنوێنێ
***
مرۆڤی ڕابەری ئایین
ئەگەر هات و لە ڕێ لادا
ئەبێ ڕاکەین و لێی دوور بین
هەتا ماوین لە دونیادا