وڵاتپەروەری
لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
808 بینین
گیانێ لە ڕێگەی وڵات و گەلا
بە فیدا نەبێ بێنرخ و پەستە
دڵێ لە خۆشیی هۆز و کۆمەڵا
خرۆشی نەبێ سووک و بێهەستە
***
وڵاتپەروەری بە هاشەی بەلاش
یا بە هاواری درۆ دەلەسە
پێی ناخەڵەتێ قەت مرۆڤی باش
ئەوەی دووی کەوێ پووچ و ناکەسە
***
سەرم سوڕماوە لە هەندێ کەسان
کە لەژێر پەردەی وڵاتپەروەری
بەدەس ئەهێنن سەروەت و سامان
لە پاشا لە گەل ئەبن بێبەری
***
ئەوەی بۆ وڵات بە چاک و پاکی
کە تێ نەکۆشێ پەست و ڕیسوایە
سەر فیدا نەکا زۆر بەچالاکی
بەرگی نامەردیی زۆر پێ ڕەوایە