ئاگر لە کای کۆن بەر نەبێ
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
499 بینین
یاخوا لە کای کۆن ئاگر بەر نەبێ
پیرەساڵی شووم ئاخرشەڕ نەبێ
هیچ کەسێک سەری قەت لێ نەشێوێ
لە حاڵ و ماڵی دەربەدەر نەبێ
جووتەوەشێنی تەویلە و گەوڕ
ئاواتەخوازم لە پەت بەر نەبێ
بۆ دەسکەوتنی جاشە ئێسترێک
یاخوا قەت ماین تووشی کەر نەبێ
دنیا سەراپا بەهەشتی ژینە
بەو شەرتە مرۆڤ دەسبەسەر نەبێ
لە سەد پێڵاوی منەت خۆشترە
نان و ماستاوێ گەر بێگەڕ نەبێ
ئەو ژینەی کە وا ژانی لەگەڵ بێ
بە کەڵکی چی دێ چاکە هەر نەبێ
بۆ پارە پارەی خەنجەر چاترە
دڵێک کە مەیلی لای دولبەر نەبێ
لەڕێی دڵداری نابێ لابدا
کە عاشق لە یاد بەهرەوەر نەبێ
مەرگی باشترە لە ژین بەڕاستی
ئەوی لەڕێی حەق دلاوەر نەبێ
هەر پەنابردن بۆ لای خوا چاکە
ئەبێ کەس بۆ کەس پەنابەر نەبێ
لەبۆ ناسینی یەزدانی گەورە
پێویستە مرۆڤ بێباوەڕ نەبێ
ئەو کەسەی مەرد و ژیر و زانایە
ئەبێ بۆ گەلی بێهونەر نەبێ
بۆ ڕووخاندنی بناغەی ژیان
وا چاکە مەردوم بلدۆزەر نەبێ