بۆ تۆ

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  508 بینین
لە دنیا هەرچی شت جوانە بۆ تۆ
گوارە و لاگیرە و گەردانە بۆ تۆ
لە گوڵزارا دڕک یا ژاڵە بۆ من
گوڵ و گوڵمێخەک و ڕێحانە بۆ تۆ
ئەچێژم من هەموو تاڵاوی دنیا
شەرابی شەربەتی شاهانە بۆ تۆ
ئەمن بادەی فەرەح ناگاتە دەستم
لە ویسکی پڕ بووە پەیمانە بۆ تۆ
لە پۆڵا بۆ ملم زنجیر خەڵاتە
لە ئەڵماس و پلاتین شانە بۆ تۆ
گڵ و بەردی هەموو ئەو هەردە بۆ من
هەموو ئەو باغ و دارستانە بۆ تۆ
فڕین بۆ من نییە باڵم شکاوە
فڕۆکەی چاکی دووپەروانە بۆ تۆ
بەکەڵکم نایە زێر و ماڵ و سامان
عەتیق و گەوهەری یەکدانە بۆ تۆ
هەژاریی دڵ بە ئازاری لەبۆ من
سەر و ڕۆح و دڵ و ئەم گیانە بۆ تۆ