بڕوا بە یار
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
411 بینین
بڕوا بە یاری بێوەفا ناکەم
دڵم پێشکەشی یاری وا ناکەم
ئەو چارەسازەی بێچارەی کردم
ڕەچەتەی دەوای لێ داوا ناکەم
یارێ کە پیشە ئازاری دڵ بێ
داد و بێدادی هیچ لەلا ناکەم
ئەوەی کە قەدری منی لا نییە
بشمرم لای ئەو یەک تکا ناکەم
لە دەرد و داخی سامانی فەوتاو
چارەم بەگرژی ئاشکرا ناکەم
هەرچەندە مات و پەست و هەژارم
لە ژینا لای کەس سکاڵا ناکەم
لە کات و ساتی ڕەشەبای ژینا
خەرمانی هیوای دڵ بە با ناکەم
ئاسمانی ژین تا تەماوی بێ
گیانم بۆ شادی بەتەما ناکەم