شیرین وەک شەکر

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  514 بینین
یارە جوانەکەم شیرین وەک شەکر
لە غونچەی بەهار نەرم و تازەتر
گۆنەت وەک چرا درەوشایەوە
هەناسەت بەخشی بۆنی وەک عەتر
پرشنگی چاوت وێنەی گەلاوێژ
ڕووناکیی خستە دڵەی سارد و سڕ
چەندە پێم خۆشە بە تیری غەمزە
جەرگی ناپاکان ئەکەی شڕ و پڕ
تۆ هەر بمێنی لە باغی ژینا
داواکاریمە لە خودای نەمر
ئاوات ئەخوازم کە بگەم بە تۆ
ئەوسا مردنیش لام هیچە ئیتر