یاری ئاشنا
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
449 بینین
هەتا ئەو یارە پێمان ئاشنا بوو
شەوان لامان وەکو ڕۆژ ئاشنا بوو
کە دەرکەوتایە ڕووی شیرین و جوانی
لە شەودا شەوقی وێنەی چلچرا بوو
بە خەندەی لێوی شیرین تێی گەیاندم
دڵی نەرمی لە من نەختێ شکابوو
بەڵام لێم بوردووە تاوانی بەخشیم
بەسەر چوو قین و کینەی هەرچی مابوو
ئومێدم وایە ئیتر بێتە یانەم
بەرابەر من کە ئێستە هەستی چا بوو
هەژاری سێبەری شوومی کە لاچوو
هەتاوی شادی بۆ دڵ ئاشکرا بوو
کە مادام هاتە دی ئاواتی ژینم
ئیتر بێچاری دووچاری فەنا بوو