تەمای دوو ماچ

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  694 بینین
تەمای دوو ماچی دوو چاوی بەڵەکمە
لە ئەو یارە کە هاوماڵی گەڕەکمە
وتی یاساغە ماچی من وتم من
گەرەکمە ڕۆحەکەم بەخوا گەرەکمە
وتی لاچۆ هەتیوە بێحەیایە
کەس و کار و برا گشتی لەتەکمە
وتم بۆچی ڕەقیب هەر وەک سەگ لە دووتە
وتی کۆیلەی وەفای نان و نمەکمە
وتم لەم چەرخە کێ سەرداری تۆیە
وتی یەزدانە تاقانە سەرەکمە
وتم بیرت هەیە وادەت بە من دا
وتی کەی بیری ساڵی شەست و یەکمە
وتم ئەمڕۆ زەماوەندە لە گوڵشەن
وتی زۆر مەیلی چۆپی و ڕەشبەڵەکمە
وتم لایەق بە تۆیە خشڵی ئەڵماس
وتی بۆ گەردن و پەنجە و مەچەکمە
وتم ئاخۆ بە چی پێکابێ دڵی من
وتی برژانگ و ئەبرۆ و تیر وچەکمە
وتم ڕەحمێک بە حاڵی من کە فەرمووی
ئومێدی وەرگەڕانێکی فەلەکمە
وتم ڕۆییم بە مەئیووسی لە لاتان
وتی بۆ تۆ دوعای «الله معكعەرەبی» مە