ئێستا
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
560 بینین
لە دەستا گەر هەیە دوو عانە ئێستا
بڕۆ خەرجی بکە ئازانە ئێستا
نەکەی تۆ بۆ سبەینێ پارە جەم کەی
ژیانی خۆشی زۆر هەرزانە ئێستا
لە گیرفانا نەکەی حەبسی دراوت
بچۆ لوقەنتە یا مەیخانە ئێستا
بکە تەعمیری مێشک یا مەعیدەت
فەرەح بۆ تۆ گەلێک ئاسانە ئێستا
سبەینێ خوا ئەزانێ چیت بەسەر دێ
بە پارە ژینی تۆ شادانە ئێستا
ئەوانەی دەستیان قوچابوو مردن
لە دۆزەخ مووچەیان سووتانە ئێستا
لە دنیاش ناویان نابرێ بە چاکە
جنێو بۆ گۆڕیان ملیانە ئێستا
مەکە بیری پەرێشانی سبەینێ
هەتا ژین ڕووگەش و خەندانە ئێستا
کە تێر و پۆشتە کەی ماڵ و مناڵت
دڵت خۆش و سەرت بێژانە ئێستا
بەجێ بێنە براکەم پەندەکەی من
سبەی بۆ مردنە و بۆ مانە ئێستا