لەو زوبانی هەژارێکەوە
بە من چی
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
566 بینین
کە من هیچم نەبێ گەوهەر بە من چی
دوڕ و یاقوت و سیم و زەڕ بە من چی
کە من دەستم نەگاتە پارووە نانێک
کەبابی چەوری گۆشتی مەڕ بە من چی
کە من بەرگم پەڵاس و چیتی شڕ بێ
قوماشی باشی «مانجستەر» بە من چی
کە من بێ حاڵ و ماڵ و لانەوازم
تەلار و کۆشکی شێخ حەیدەر بە من چی
کە من چاوم نەبێ دنیا ببینم
شوعاعی مانگ وە یا ئەختەر بە من چی
کە من بێبەش لەشیرینیی ژیان بم
درەختی بەرزی خاوەنبەر بە من چی
کە من گیانم لە دەنگی مەل بلەرزێ
نەڕڕەی پڕ سامی شێری نەڕ بەمن چی
کە من داماوی گێژاوی بەڵا بم
بزەی لێوی پەریپەیکەر بە من چی
کە هۆش و بیر و ژیریی تیا نەمابێ
بە کەڵکی چی دێ کاسەی سەر بە من چی
کە ئەم گەردوونە کارخانەی ڕیا بێ
قسەی شیرین و خۆش و تەڕ بە من چی
کە من بمرم وە یا نەمرم بە تۆ چی
کە تۆش مابی و نەمابی هەر بە من چی