بەڕێکەوت

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  532 بینین
ئەگەر ڕێت کەوتە یانەی من بەڕێکەوت
ئەڵێم ئۆخەی کە دێوی نەگبەتی خەوت
لە دڵما زۆرە هۆی ڕەنجی هەژاری
کە تێپەڕ بوون لە ئەعدادی شەش و حەوت
لەبەر تیر و توانجی خزم و خەڵقی
لە دینداری نییە گەر بچمە مزگەوت
لە ژین بێزارە دیارە پڕ جەخارە
ئەوەی بەر دا لە گیانی ئاگر و نەوت
ئەوانەی تێ ئەکۆشن بۆ خراپە
خوای عالەم بیانکا زوو بە زوو فەوت
لە ئازار و لە بێزاریی ژیاندا
دڵم خۆزگە سەعات و کاتێ ئەسرەوت
سەرم لێ تێک چووە کاس و هەراسم
لە بیرم چۆتەوە تاڕۆین و ڕەوت
لەبەر ناڵەی تریشقە و بەرقی میحنەت
بە وێنەی جانەوەر ڕووم کردە ئەشکەوت