دڵم شکاوە

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  686 بینین
دڵم شکاوە دڵم شکاوە
دڵم بە دەستی گوڵم شکاوە
ئەمبینێ کە وا لات و لاوازم
لە باغی ژینا چڵم شکاوە
***
لە تیری تانەی ناکەس هەراسم
بۆیە هەمیشە دەبەنگ و کاسم
چاوم هەر شێوەی نیگار ئەبینێ
هەر ئەو غایەمە هەر ئەو ئەناسم
***
ئەمەوێ دڵی شکاوم بە مەی
یا بە ئاوازی دڵڕفێنی نەی
بکەم ساڕێژ و لە بیر بەرمەوە
جەوری زەمان و ئاهـ و پەژارەی
***
بەڵام هیواکەم ئەڕوا بە هەوا
هەر وەکوو ئاهی هەتیو لە شەوا
هەروا ئەمێنم بەم ژینە پەستە
‏بێهۆش بێئومێد بێکەس بێنەوا