بۆ زانین

لە کتێبی:
دەشتی گەرمیان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  574 بینین

بۆ هەموو خوێندەوارە خۆشەویستەکانم ئیمە کە پێمان ئەڵێن نەتەوەی کورد هێشتا لە پلەیەکدا وەستاوین نانواڕین بۆ وتار کە چی تیا وتراوە، ئەڕوانین بۆ وتارەکە کێ وتوویە، ئەگەر خاوەن وتارەکە پایەی کۆمەڵایەتی بەرز بێ، جا بە هۆی مڵک و پارەوە یا بە هۆی کورسی و وەزیفەوە، ئەوا وتارەکەشی بە بەرز دێتە پێش چاو بڵێم چی کە من لە خێزانێکی جوتیاری هەژارم ئەو دوو هۆیە کە وترا هیچ کامیانم نییە دیارە وتارەکانم بە چاوێکی نزم تەماشا ئەکرێن، بەڵام لە پاش چەن ساڵی تر ئیمە کە نەتەوەی کوردین لەو پلەیەدا کە تیا وەستاوین نامێنینەوە، کەوا دڕاوەکە و کەوشە چاکەکانی منیش لە پێش چاو نامێنێت هەتا ببێ بە هۆی نزمی وتارەکانم وەکوو عەرزم کردن ئێمە ئەچینە پلەیەک کە نەنواڕین بۆ خاوەنی وتار هەر تەماشای چاک و خراپی وتار ئەکەین و منیش نامێنم و کەس لە بیری نایەت کە ئایا هەژار بووم یان پارەدار جا لەبەر ئەوە، بە پێی زانینی خۆم ئەوەی بە تەواوی بۆم ڕوون بۆتەوە ئەینووسم وە پێشکەش بە لاوانی ئێستای وڵاتی ئەکەم ئیتر هەر بژی کورد و کوردستان.