دڵەکەم...

لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 2 خولەک  1269 بینین
ئەوەندەی دەریایەک پڕە دڵەکەم
ئەڵێی هێلانەیە بۆ خەفەت و خەم!
هەوارگەم دووروڵات، دەشتە و بیابان
دڵەکەم بەدبەختە و حاڵم پەرێشان!
من خۆیشم نازانم چیم و چی کەرم؟
بە «لم»ی بیابانا مەرگە ڕابەرم!
لە دەستی ستەمکار، لە دەستی حاکم
پێشێلم، وەک ڕێگا، بوو بە تۆز خاکم!
برووسکە نەیداوە لە کۆتەرەی لەش،
دەردی گەل کردوویە بە خەڵووزی ڕەش!
ئاخۆ کەی سەردەمی ئازادی ئەگات!
ئەم گەلە کەی دەستی ئەگاتە ئاوات؟
ئاخ، خۆزگە ئەم زامەم ئەدی ساڕێژ بێ،
پێش ئەوەی بمرم و گۆڕم بێ بە جێ!
لە ڕێدا کە بوومە هاوڕێی دەروێشێ،
ناڵانم، لێی پرسیم: هاوڕێ، کوێت دێشێ؟
وتم: تا بڵند بێ قوللەی دیوەخان،
لە دڵما ناسرەوێ هەرگیز پێچی ژان!
نەکەن قەت بە ئاغا و بە شا لاس بخۆن:
کینەی خەست ڕەوایە بە دوژمنی کۆن!
ئەم ئێش و ئازارەم تا کەی ئەمێنێ
لە دەستما وەک سونگی قەڵەم ئەنوێنێ!
سنگیشم توێ توێ بێ و هەڵکشێم لە خوێن
بۆ سوڵتان و شاهان نابم سەرنەوێن!
دڵنیام ئەو کۆشک و سەرا خوێنینە
ڕۆژێک دێ نەمێنێ لەم سەرزەمینە
پێم وتن: لە مردن من باکم نییە
هەرکەسێ باکی بێ لە خاکم نییە!
لە هەڵدێر فڕێم دەن، پارە پارەم کەن
بمگرن، گەردنم لە سێدارە دەن
با زۆردار بزانێ: هەتا بمێنم
لە ڕێی ئازادیدا خەبات ئەنوێنم!
«فەقێ» بۆ هەژاران تەموورەت لێ دە
لە نووکی قەڵەمت گەوهەر فڕێ دە!
دێ بە دێ جاڕ بدە هەر لە ئێستاوە:
مژدە بێ، ئازادی دێتە دنیاوە!