دەربەدەر

لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 1 خولەک  842 بینین
گۆرانیی «قین» ئەڵێم، با ڕقم هەڵسێ!
ئاغایەک بمێنێ مەیدان بەرنادەم
ئەوکەسەم: دەردی خۆی لە بەرد ئەنووسێ
مزگەوتێک جێی «میر» بێ من لێی سەر نادەم!
***
لە گەل و نیشتمان هەرچەند دوور کەوتووم
دەنگەکەم زوڵاڵە، برا، هەی برا!
با برسی و ڕووتیش بم، چونکە نەمردووم
لێم ترسی قایمە «زۆرداری سەرا»
***
دڵنیام ئەم ڕۆژە ڕەشانەی ئەڕۆن
ڕۆژێک دێ کە ناوی بەختیارییە!
ئەو گەلەی ڕەنج نەدا و نەنوێنێ هونەر،
تەنیا ئەو، ئەنجامی خزمەتکارییە!
***
بۆ گەلە گشت بیر و سەرانسەر بڕوام
کە ڕۆژێک ڕووناکی دای لە نیشتمان
ئەزانم دێتە دی لای گەلم هیوام:
هەڵبەستم ئەبێتە بەستەی سەر زمان!
***
بەهارم ئێجگاری ئەڕوێ و ئەکا گوڵ،
با ئەبا بۆی مێرگم لەم هەرد بو ئەو هەرد،
کانیاوم گەرم ئەکا بەزمی قوڵە قوڵ
کە وابێ نەمردووم، بووبیشم بە گەرد!
***
جێت دێڵم ئەی لاوی، ئەی چرای هیوا،
بە هێز بە و ڕێ مەدە بە بێ هیوایی،
ژیانت خۆش بوێ و هاتنە دنیا؛
بۆ زۆردار شل مەکە ڕەگی ئازایی!