فەقێ تەیران
لەو گڕانەوە سارد نابنەوە
لە کتێبی:
دیوانی گۆران
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
1 خولەک
1261 بینین
بەس بگری و خەم بخۆ، ئەی فەقێ تەیران!
هەژاران ڕۆژێ دێ هەڵسنە سەر پێ
لەگەڵ خاک یەکسان کەن کۆشکی زۆرداران
خوێن مژین نەمێنێ و ئاغا تۆوبڕ بێ...
***
تا دنیا بمێنێ تیایا شا و خوونکار
لە سنگما ئاگری تۆڵە کز نابێ
سەری من نانەوێ بۆ ئاغا و زۆردار
جاڕدەری ئازادی لا نادا لە ڕێ!
***
تا ڕۆژێ مژدەی دێ بەهارێکی خۆش
ئەبێ چەخماخە بات برووسکەی وتەم
نابڕێ لە زارم، نیشتمان، خرۆش
تا ئاغای مفتەخۆر لە قیڕە نەخەم!
***
ناترسم لە زنجیر، لە کۆت، لە لێدان
لە زیندانی تاریک، قەفەزی ئاسن...
لە دڵما گڕێکە هەستی نیشتمان
ناتوانێ کزی کات تەنانەت مردن!
***
ئەمەوێ پێش ئەوەی بمنێنە ناو گڵ
تەموورەی عەشقی پاک بۆ گەلم لێدەم
پاش خۆیشم بێتە دی خۆشە خۆزگەی دڵ
ئازادی ببێتە بەستەی هەموو دەم!