مامەی نێرگەلە کێش

لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  782 بینین
ڕۆژێ چوومە شارەزوورشوێن
سووڕامەوە خوار و ژوور
ئەم لاو ئەولا وەک مناڵ
ڕێم کەوتە دێ یەک شەش ماڵ
سیانیان خانو سیانیان زنج
هەندێ نزم و هەندێ قنج
وردەوەبووم دەروێشێ
نێرگەلەیەک ئەکێشێ
شڕ و شیتاڵ و چڵکن
ناو سینگی بۆز و کۆڵکن
دان لە دەمیا نەماوە
پیر بووە و لێی قەوماوە
چڵمی لووتی و ئاوی چاو
تێکەڵ ئەبن وەک لافاو
تووکە سەری ئاڵۆزاو
جامانە کۆنی دڕاو
دەرپێ چادر پینەی شاڵ
پینەی لێی بوو بوو بە خاڵ
چاوانی پڕ لە ڕیپۆق
دەمی چەشنی دەمی بۆق
چرچی ملی وەک دەوار
شۆڕۆ بووبوو سەرەو خوار
پشتێن تاڵی گۆشی خاو
پێی پێخاوس بێ پێڵاو
مژی ئەدا لە قلیان
ئەکۆکێ بۆی بێ وچان
جار بە جار خۆی ئەدۆزی
ئەیخوران ڕیشی بۆزی
وتم مەرحەبا خاڵۆ
چییە کەوتووی لەم پاڵۆ؟