تەماعکار مەبە پەشیمان ئەبی
لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
1 خولەک
796 بینین
جارێ سەگێکی زۆر زۆر تەماع کار
ئێسکێکی دەسکەوت لە کووچە و ناو شار
ئێسقانی هەڵگرت ڕۆیی بۆ کەنار
کە دوور کەوتەوە لە بازاڕ و شار
گەیشت بە ئاوێ، ئاوێکی جوان
هەر وەک ئاوێنە ئینسانی ئەنوان
ڕوانیە ناو ئاو وێنەی خۆی دەرکەوت
ئاگری تەماعی هەڵگیرسا وەک نەوت
وەختێ لە وێنەی ناو ئاوی وەڕی
ئەم ئێسقانەکەی لەدەم دەرپەڕی
پەلاماری برد کە دەری بێنێ
وەخت بوو لە ئاوا خۆشی خنکێنێ
نە ئەم و نە ئەو هیچی بۆ نەبوو
لەدەسی دەرچوو هەروا زوو بە زوو
نەتیجەی تەماع سەرگەردانییە
بۆ ئاخری ئاوا، پەشیمانییە