بەری یەکێتی

لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  1713 بینین
ئاشنا، وەرە! با ئاشنا بین
لە ئاشنا چاکتر، هەر وەک برا بین
نەت بیستووە: «برا لە پشت برا بێ
مەگەر موقەدەر، لە لای خوا بێ»
کۆمەڵی ڕێوی شێر ئەشکێنن
پۆلی چۆلەکە، باز ئەڕفێنن
تەنها پەنجەیەک هیچی پێ ناکرێ
کە کردت بە پێنج کێ بەرگەی ئەگرێ
مشتەکۆڵ ئەبێ و ناو دەم ئەشکێنێ
ڕەگی بناگوێی دوژمن ئەپسێنێ
ئێستەش من و تۆ، با وەک برا بین
وەکوو پەروانە و شوعلەی چرا بین
من من و تۆ تۆ، نەیەنینە کار
گوێ نەدەین بە قەول، بەدی ڕۆژگار
بە دڵێکی پاک بۆ یەک خەمخوار بین
بۆ سوودی یەکتر دایم هۆشیار بین
کە هات هاوخوێن و کوڕی یەک خاک بین
ئەبێ دەر حەق یەک بۆ چی ناپاک بین؟
تەماع نەکەینە نامووسی یەکتر
بۆ ڕۆحی یەکتر، نەبین بە ئاگر
باو و باپیرمان، وا بوونایە زوو
ئێستە ئیش ئێمە لە جێیە تر بوو
سەمەری وەحدەت نەبوو بۆ ئەوان
یەکێیان کورد بوو یەکێیان گۆران
ئەم «سەرشەقامی»، ئەو «دەرگەزێنی»
دوژمن بوون بە یەک دوژمنی خوێنی
ئەم خەڵقی «گۆیژە»، ئەو «سابوونکەران»
ئەشیشانە یەک بە شەق تێ هەڵدان
من مەنعیان ناکەم، زەمان وەها بوو
ئیختیار بە دەست پیاوی بەڵا بوو
کوێر دەستت کێشێ، ئەتخاتە ناو چاڵ
تیایا دەر نایەی هەتا هەزار ساڵ