یەک دواندنی وریا و خەنجەر کوڕی قانع

لە کتێبی:
چوارباخی پێنجوێن
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  442 بینین
ئەی کوڕ نەوەی کێی؟ نەوەی شێرانم
تۆ لە کام هۆزی؟ هۆزی کوردانم
بۆ ڕەنگت زەردە؟ دەردم گرانە
دەردەکەت چییە؟ کزی کوردانە
جا بۆ چی کزن؟ چوونکوو جێماوین
جێمانێکی چۆن؟ تەواو فەوتاوین
نەخۆشینەکەت؟ جەهل و نیفاقە
دەرمانی دەردت؟ هەر ئینتیفاقە
پشت و کۆمەکت؟ عیلم و زانینە
قەڵا و قەڵاچەت؟ سیدق و یەقینە
سێبەری سەرت؟ دیواری مەکتەب
تووشەی غەریبیت؟ ئەخلاق و ئەدەب
چی فەرزە بۆ تۆ؟ خزمەتی هۆزم
گیانت بۆ چییە؟ بۆ فیدای کۆزم
سەرت بۆ چییە؟ بۆ گۆ، گۆی مەیدان
چاوت بۆچیە؟ بۆ سەیری کوردان