بەهار

لە کتێبی:
چوارباخی پێنجوێن
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 5 خولەک  1067 بینین
هەوای شنە بای نەسیم دیارە
مەعلوومە وەعدەی گوڵ و گوڵزارە
یاران دیسا دەور بادە نۆشانە
دەنگی زایەڵەی ماتەم پۆشانە
وادەی شەقەی بەرق ڕەعدی پڕ قینە
تەرزە و تاو و تۆف ڕەی سەرزەمینە
یا تاخ پڕ دەماخ نەرگس وە مەس مەس
سوسەی هاتەدەر لە جێگەی هەرەس
گوڵ ئاوان پڕ ئاو سەوڵان سەر بە ئەوج
شەتاوان یەک یەک ئەدەن لەیەک مەوج
گوڵ زەمەق لیباس سووری کردە بەر
پۆڵی گوڵاڵان پۆشی دەغت و دەر
نەورۆزە لە نۆ هاتە دەر لە خاک
ڕووی زەوی گوڵ گوڵ بە وێنەی ئەفلاک
لاولاو پێچ ئەخوا بە کەبووتەری
شەوق ئەدا لە بورج بەرزی ئەخزەری
بەڕەزا و چنور ئەکاوان کەن فەرش
عەتری یاسەمەن دای لە قوللەی عەرش
سوور هەڵاڵ خێزا لەپای بەفراوان
ڕێحانە سەرمەست لە گۆی شەتاوان
بەفر و هەڵەکۆک کەوتنە گوفتوگۆ
هەڵەکۆک بە شەوق بەفر ڕەنجەڕۆ
کۆڵ و پسڵ و شنگ هەموو بە دەماخ
هاڕەی بەفراوان ئەگەینەت لە شاخ
مەڕە سوور شەوگەرد وەک شەماڵەی نوور
قەتارەی قۆڵنگ سپای سەلم و توور
جەیران جەم بەستەن نێچیران سەف سەف
سەیاد دانە و داو ئەگرێ لە ڕووی کەف
دێو جامە گوڵ گوڵ پارێز بە پای ڕێز
گا چاو لە جەیران گالە کەوت و خێز
الله اكبرعەرەبی پەپوو سڵێمان
زیکە و زایەڵەی تەیرانی کاوان
قشقەڕە پڕشور قاڕەڕەش بێغەش
«هودهود» ساحێبتاج وێنەی تاجبەخش
قازڵاخی بەعەیش فیسقە بە شادی
کەوتوونە سەیران ڕۆژی ئازادی
قاڵاو ئەخوێنێ بە دڵەی خەمگین
یاخوا سەرکەوی کۆمەڵی بێ تین
قەقبەی نێرەکەو چەهچەهەی بوڵبوڵ
قاژەی هاژەی باڵ تەڕلانی هەر چڵ
قم قم گاکۆتر قیژەی قژاکە
ئەڵێی مەعرەکەی کاوە و زوحاکە
هوو هووی گاکۆتر «یا مَنْ هُوعەرەبی»ی غەزاڵ
ماکەو بە عشوە ڕشتی مێڵ و خاڵ
زیکەی مشکگرە و فڕەی سەرسەوزان
شڵپ و کۆی بورچین لەدەور حەوزان
گەرمیان سەرگەرم قەرەداخ بێ داخ
گۆیژە فەرەحمەند کاژاو پڕ دەماخ
وێنەی قەڵبەزە میرابان شەتاو
سەراوان جاری بە قرمە و لێشاو
پشتی چنارە پڕ لە سنەوبەر
جنگە لە جەنگ شاد بەردەڕەش دوڵبەر
دای لە دەماخم بۆی گردی بەران
عەتری خەلاوە دای لە ئاسمان
سەر دەرەبی خەم تاریدەر پڕ گوڵ
گوڵ بە نەزاکەت نیشت لە بانی چڵ
کانی شەفەقەت بە مەیل و مراد
سێ کێوان لە دەس یەخبەنان ئازاد
میراجی سەرخۆش بەردەبووک پڕ شەوق
کانیەکەی «گوڵ بەنکەس» خاوەن سەفا و زەرق
چاوگەکەی دۆڵاش وەک خولدی بەرین
تَشْتَهِيهِ الْأَنفُسُ وَتَلَذُّ الْأَعْيُنعەرەبی
گردە ڕەش پۆشی گوڵان ڕەنگا و ڕەنگ
بوو بە مەرهەمی زامی دڵەی تەنگ
گردەڵان هاژەی سەیلی دیارە
هەمووی لە هیمەت سەخای بەهارە
حاجی بایەزید بێ عزە و خەتەر
کە شیدەی گوڵان گوڵان پێچا دەوری سەر
قەلەبەرد بێ دەرد هەڵ ئەدا بەیداخ
کۆنە هەوارگەی یاری پڕ دەماخ
ئازیز دیارە مەعلوومی عامە
نۆبەی شادییە و خەفەت تەمامە
یەکێ چاوەڕوان گەلەی فراوان
یەکێ فەرەحمەند مەزرەعە و خەرمان
یەکێ بە دڵشاد یەکێ بە خوڕڕەم
یەکێ لە ئەملاک یەکێ لە حەرەم
یەکێ تجارەت یەکێ باخەوان
یەکێ جووت و گا یەکێ ئاشەوان
غەیری من نەبێ حاڵم پەشێوە
بەختم گیرۆدەی تەلیسمی دێوە
لەوحی ئێقباڵم لەنۆ شۆریاوە
دەروازەی مەینەت بۆ من کریاوە
بەندی تەرازووی زینەتم بڕیا
دایەرەی مەجلیس یارانم دڕیا
هەورەکەی نەگبەت تەرزەی خەمباری
ئەڕژێ پەی پەی بە نادیاری
سەدای هەی هاناو هەی دەخیل هەی ڕۆ
پڕژەی ئێشی جەرگ زامەکەی پڕ سۆ
خەم بوو بە شادی شادی بوو بە خەم
هەڵدا چەتری ڕەش سیاخانەی تەم
هەی من گیرۆدەی بەندی بەڵا خۆم
هەی من دوورکەوتووی زەید و مەئوا خۆم
هەی من بەشبڕاو دەستەی یاران خۆم
هەی من سیا سەنگ ڕۆزگاران خۆم
هەی من دڵ پڕ خەم لێو پڕ لە بار خۆم
هەی من بەقەقنەس بەژارە مار خۆم
ئاوارەی وەتەن تەنها و بێکەس خۆم
کەوی باڵ شکاو حەپسی قەفەس خۆم
تەیری سەر شێواو بەبێ لانە خۆم
جێ توانجی زۆر تیر و تانە خۆم
کۆنە قەیسەکەی تازە مەجنوون خۆم
تلاوتل لە دەس چەرخی گەردوون خۆم
فەڵەک هەی دەردت وەک من کاری بێ
فەڵەک زامانت نادیاری بێ
فەڵەک وێنەی من زەدەی دڵان بی
فەڵەک بەشبڕاو پۆلی گوڵان بی
فەڵەک زوخاوی جەرگت نۆشت بێ
پارچەی نەخۆشین باڵاپۆشت بێ
فەڵەک وێنەی من بێ وەعدە پیر بی
فەڵەک گیرۆدەی حەڵقەی زنجیر بی
فەڵەک وەکوو من گەدا و غەریب بی
فەڵەک دائما موحتاج تەبیب بی
فەڵەک وەکوو من بێ قەوم و خوێش بی
فەڵەک ڕۆژ نەخۆش بە شەو دەروێش بی
فەڵەک وەک قانعناسناوی ئەدەبی بێ ئیش و کار بی
فەڵەک بەشبڕاو سەیری بەهار بی