شین بۆ شاعیری بەناوبانگ حاجی تۆفیق مەشهور بە «پیرەمێرد»

لە کتێبی:
چوارباخی پێنجوێن
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 3 خولەک  1068 بینین
دیسان سەر لەنۆ ماڵ وێرانیمە
تەم و تەمەلوول سەرگەردانیمە
دیسان وەک جاران شین و زاریمە
خەم و پەژارەی دەردەداریمە
دیسان چەرخەکەی چەواشەی بەدخوو
بۆ ئازاری دڵ کەوتە هات و چوو
دیسان قرچەی زام دەروونی ڕێشم
زوخاو ڕێژ ئەکا جەرگی پڕ ئێشم
گەردوون هەرتاوێ جەورێ ئەنوێنێ
چەشنی بایەقوش بەزمێ ئەخوێنێ
گەردوون کردەوەی نامورادییە
دۆس لەیەک کردن لە ناشادییە
گەردوون بەدکاری بەینی دڵانە
گەردوون خەزانی باخچەی گوڵانە
گەردوون هەر ڕۆژێ دووژمن پیاوێکە
زەهری کوشندەی خاوەن ناوێکە
حاجی تۆفێق بەگ، پێرەمێرد مەشوور
مامۆسای زانای کۆڕی خوار و ژوور
کام پیر ئەو پیرە بە هۆشیاری
عەمری ڕابوارد بە فیداکاری
کام پیر ئەو پیرە بە ژیان و ژین
گشت کوردستانی پڕ کرد لە زانین
کام پیر ئەو پیرە هیممەتی نوان
بۆ کوردی نووسین ئەو ڕچەی شکان
کام پیر ئەو پیرە پەندی پێشینیان
کرد بە مامۆسای بێگانە خوێشان
بۆ لای هاوفەردان کەوتە دەس و برد
لە کۆڕی یاران ماڵ ئاوایی کرد
ئەمجا ئەزانم شوومی کوردانە
بەدبەختی هۆزی کوردی زوانە
گەردوون ڕیزی گرت بەشاعرانی
یەک لە دوای یەک بۆ دنیای فانی
زیوەر تیرێکی دا لە زامانم
بێکەسیش قوڕی دا لە سەرشانم
دڵداری کۆنی نەو چووزی لاوم
پەردەی تاریکی خستە سەرچاوم
کوا حاجی قادرکەس کوانێ بەدرخانکەس؟
کوا بڕۆ بڕۆ و دەبدەبەی بابان؟
کوا سوارەی شەمزین کوا زەندی دلێر؟
کوانێ ئاردەڵان چەشنی تەرزە شێر؟
کوا دوکتور فوئاد شێری بە نامووس؟
کوا ئەمین زەکی لاوی مێژوونووس؟
کوانێ شێخ مەعرووف خاوەنی دووباڵ؟
یەک عیلمی زاهیر، یەکێ عیلمی حاڵ؟
کوا نالیکەس و ناریکەس و کوردیکەس و مەولەویکەس؟
کوانێ بەیتووشی مەلای لوغەوی؟
کوا مەلای عاشق لە بێسارانم؟
کوا حەمدیکەس نەوەی ساحێبقڕانم؟
وە نییە کوردستان ئەوەڵ جاری بێ؟
تەنها شاعێرێ بە خەساری بێ
بەڵام پیرە مێرد ئێشی گرانە
چون خاڵەی دەسەی گشت شاعرانە
پیری دڵ جوان قەڵەم جوانم ڕۆ
خەمخۆری دەسەی بێکەسانم ڕۆ
جێماوی کۆچی ئەمین زەکیکەسم ڕۆ
دوا قەتەی شاعر یەکی یەکیم ڕۆ
ئاگری وجاخی خانەدانم ڕۆ
دڵسۆزی هۆز و نیشتمانم ڕۆ
قەڵەم نۆرەتە بێرە دەس و برد
بنووسە مێژوو بۆ مامۆسای کورد
قەڵەم مەردانە هاتە سەر جەولان
لەسەر ڕووی کاغەز گەوهەری ڕژان
بە پیتی ئەبجەد هاتە گفتوگۆ
مامۆستای کورد و خاوەن ژینم ڕۆ