پێنج خشتەکی لەسەر شیعری ڕەشید سدقی

لە کتێبی:
چوارباخی پێنجوێن
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  930 بینین
بە کوێری بمخەنە چۆڵێ لەدەشتی بەسرە و فاوا
وەیا کۆڵ کێشی زاڵم بم لە چۆڵی وشک و بێ ئاوا
بناڵێم بە دڵ تەنگی لە ژێر باری نەبینراوا
سەر و پێ ڕووت و برسی مل لە حەڵقەی ئاسن و داوا
لەسەر ئەسپی ئەجەل بگلێم لە گرمە و گوژمەیی تاوا
چ سەرخۆشم لە ئەم ڕەنجە لە ژینی خۆمەدا بردم
ئەگەر دیققەت لە ئیشم کەی ئەزانی گیانفیدای کوردم
گەلێ پێم خۆشە ئەم شەرتە لە دڵ خۆما کە وا کردم
ڕەفێقی بەد ئەبەد ناکەم لە خاکیشا کە من مردم
ئەجەل چاکی گریبانم ئەگەر بگرێ لە ناکاوا
لە ڕێی خاک و وڵاتا خۆم ئەفەوتێنم بە مەمنوونی
کە من سۆزم لە دڵدا بێ چ موحتاجم بە مەجنوونی
وەرە گوێ ڕاگرە لەم شێعرە، دیققەت کە لە مەزموونی
بفەوتێ با نەمێنێ لاشەکەم بڕوا بە مەحزوونی
بە لافاوی جەفا سەر بخنکێ با لە گێژ ئاوا
وەرە سەر سەیری چەپگردی زەمانە و گەردشی دەوار
چ لازم من بەیانی کەم بە واتە یا وەکوو ئەشعار
نە هەر جارێ بڵێیم سەد جار وتوومە و هەر ئەڵێیم ناچار
زەمانە وا لەگەڵ دوون و لەگەڵ ئینسانی کەچ ڕەفتار
وەکوو شێرێکی خونخارە لەگەڵ ئینسانی داماوا
لەسەر ئەسپی خەیاڵاتم ئەگەر بگلێمەوە ئەمڕۆ
بەسەر گەردانی و شێتی ئەگەر بخولێمەوە ئەمڕۆ
لە زامی جەرگی پڕ خوێنم ئەگەر بکولێمەوە ئەمڕۆ
بەچاکی سینەوە پێم خۆشە من بتلێمەوە ئەمڕۆ
نەوەستم با لەبەر ئاسانەکەی ئینسانی ناپیاوا
دڵم ڕازی بکەم باشە بە ئێش و نێشی خار و خەس
لە دنیادا بڕۆم دەرچم هەتاکوو خوا ئەڵێ پێم بەس
لەداخ ئەم چەرخە زۆردارە ئەوا سووتام وەکوو قەقنەس
سەری خۆم هەڵگرم وەک شێت ئیتر بۆچی منی بێکەس
نەسووتێم و نەهاڕێم تۆزەکەم نەدرێ بەدەم ئاوا
وەکوو دەروێشی بێ مەسکەن لەسەر نێم تاجی ڕسوایی
ئیتر هیچ گوێ نەدەم قانعناسناوی ئەدەبی گەدایی یاخۆ پاشایی
دەف و کەشکۆڵ و کەڵپۆس، لەسەر ئادابی شەیدایی
لە هەرد و دەشت و کۆساری بناڵێنم بە تەنهایی
بەزامی سینەوە سدقیکەس لە گێژی بەحری خوێناوا