کۆتر و ڕاوچی

لە کتێبی:
چوارباخی پێنجوێن
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 3 خولەک  1173 بینین
ڕۆژێ دەروێش ئەوڕەحمان
ساچمە زەنی کردە شان
کولەکەی بەستە کەمەر
بۆ ڕاو لە دێ هاتە دەر
ساچمە زەنی گرتە مشت
دووسێ نانی بەستە پشت
تاوێ سەر شان، تاوێ شیو
تاوێ چاڵایی نەدیو
تاوێ لە دەشت تاوێ دوڵ
ئەسووڕاوە چۆڵ بە چۆڵ
ڕوانی داری بەری جوان
سەوز و گەش و گەڵا پان
باڵا بەرز و بن قەوی
بووبوو بە چەتری زەوی
کاتیش کاتی هاوینە
خۆرەتاو زۆر بەتینە
ڕاوچی بەدبەخت و غەددار
لایدا بۆ سێبەری دار
دانیشت وەنەوز ئەیبردۆ
کیسەی لە پشتێن کردۆ
سەبیلێ لا شکاو
بەبنێشت پینە کراو
سەبیلی بادا تەواو
دەری هێنا ئەستێ و تاو
ویستی کە دایگرسێنێ
ئارەزووی پێ بشکێنێ
کاتێ ئەستێی دا لەبەرد
کۆترێکی دەنووک زەرد
کەوتە خوێندن لەسەر دار
هەروەک بوڵبوڵی بەهار
لەگەڵ بێچوولەکانی
دەمیان کرد بە گۆرانی
بەدەنگێکی نەرم و نۆڵ
هەموو پێکەوە بە مۆڵ
ئەیانوت بژی وڵات
گشت کەس بگا بە ئاوات
کۆتر ئەیوت بە بێچوو
دوبارەی ئەکرد زوو زوو
بڕوانن بۆ ئەم دارە
چەمەڵ بەندی نازدارە
ڕۆڵە یاخوا گشت وڵات
دووربێ لە زوڵم و ئافات
ئەوڕەحمانی خوا گرتوو
گوێی لە دەنگی کۆتر بوو
بێ ئینسافی مل قەوی
سەبیلی نایە زەوی
بەسووک نەوی لە تفەنگ
مشتی لێگرت بەبێ دەنگ
ڕەحمی نەکرد بە بێچووی
تازە لە هێلکە دەرچووی
تفەنگی هێنا سەرپێ
تەقانی و کوشتی لە جێ
ساچمە ئاژین بوو لە دار
کۆتری پێکراو کەوتە خوار
بە زمانی حاڵ هاتە زمان
وتی ڕاوچی بێ ئیمان
بۆچی واتکرد بە حاڵم؟
بۆچی شکانت باڵم؟
بۆچی لە بێچووت بڕیم؟
بۆچی جەرگت هەڵدڕیم؟
بۆچی لە گیانی شیرین
بێ بەشت کردم لە ژین؟
وەک تۆ ژینت لاخۆشە
دڵ منیش بۆی پەرۆشە
ئەوا خۆم هیچ بێچووەکان
بێ خۆم چی بکەن بۆ ژیان؟
لە عومرا زۆر مناڵن
هێشتا بێ پەڕ و باڵن
چۆن بژین؟ چۆن بمێنن؟
لە دەوری کێ بخوێنن؟
ئەی کافرەی بێ ئیمان
چیبکەن بێکەس لە هێلان؟
ئەشێ چی بێ گۆشتی من
وا لێم بوویی بە دوژمن
گۆشتی من دە مسقاڵە
ئەویش زۆر تورت و تاڵە
ئەو گوللەیە تەقانت
بەدڵ منا چەقانت
ئەگەر بتدایە بە گۆشت
گۆشتی زۆرتر ئەکرد بۆت
ئەی خوێنمژی هەژارخۆر
ئەی ملهوڕی خاوەن زۆر
ئەگەر ڕاست ئەکەی پیاوی
یا وەک مانگا نەزاوی
هەڵچۆ لە خۆت بەرەو ژوور
بکوژە نزیک تا لە دوور
ئەرنا لەخۆت بەرەو خوار
هەی بێ حەیای شەرمەسار
ئەوە کام دین؟ کام ئایین؟
بەتۆ ئەڵێی ئافەریین
بۆ هەر کەسێ کە کەسە
یەک تیری تانە بەسە
ئەگەر خاوەن حەیا بی
لە دنیا تاکوو مابی
ناچی بە گژ هەژارا
تفەنگ ناخەی بەدارا