پێنج خشتەکی لەسەر شیعری ئەحمد موختار جاف
لە کتێبی:
چوارباخی پێنجوێن
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
3 خولەک
1299 بینین
لەجێی تەییارە کوردینە کڵاش ئەسپی سەفەرتانە
تەریق نابێتەوە کوردە کەوا کەر بارەبەرتانە
لەباتی تاجی ئازادی بەتۆپەڵ قوڕ لەسەرتانە
لەخەو هەستن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
هەموو تاریخی عالەم شاهدی فەزڵ و هونەرتانە
لەگەڵ تۆمە دە گوێت لێبێ هەتاکەی بەندی و مەحکووم
هەتا کەی فیتنەیی یەکتر هەتاکەی نەگبەتی مەشئووم
لە ئازادی ژیانی خۆت هەتاکەی بێبەش و مەحرووم
دەسا تێکۆشین ئەی قەومی نەجییبی بێکەس و مەزڵووم
بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورەی وا لەبەرتانە
وەرن بۆ مەرهەمی زام و برینی جەرگی کون کونتان
بەجارێ دەس بەیەک بگرن کوڕ و پیاو و کچ و ژنتان
هەتاکوو تەوقی مەحکوومی هەموو لابەن لەگەردنتان
بخوێنن چوونکە خوێندن بۆ دیفاعی تێغی دوژمنتان
هەموو ئان و سەعاتێ عەینی قەڵغان و سپەرتانە
برا ئەم بێشەیە بێشەی هەزاران شێری پڕ قینە
ئەگەر دیققەت لە خاکت کەی ئەزانی خاکی زێڕینە
ئەمە میراتی بابانە کەوا ئێستاکە خەمگینە
بەخۆڕایی لەدەستی بەر مەدەن ئەم خاکە شیرینە
کە تۆزی وەک جەواهیر، سورمە و کوحلی بەسەرتانە
تەماشای شیوەنی من کەن ئەیا ئەی پۆلی هاو فەردان
چلۆن ئەگریم بە کوڵ بۆ لاوی لێقەوماوی بن بەردان
وەرن گشت بێنە سەر ڕێگەی بڕایی هەر وەکوو مەردان
بەسەر خاکا ئەگەر نازیش بکەن حەقتانە ئەی کوردان
تەماشای سێبەری ئەم شاخ و کێوانەی لەسەرتانە
بە خوێنی خۆت و ئەولادت چ خۆشە ئابڕوو بکڕن
بەوەڵڵا حەیفە بۆ ئێوە لەناو یارانەدا بزرن
لە ڕێگەی مشتە خاکێکتان بەجارێ یەک بە یەک بمرن
بەبێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن
گوڵاڵەی سووری ئەم سەحرایە خوێناوی جگەرتانە
مەکەن مەنعم کە دائیم ئیش و کارم زاری و شینە
وەکوو پیاوی برا مردوو سەدام هەر ئاهـ و ناڵینە
ئەوا شێتم لە داخ پاشکەوتنی ئەم خاکە شیرینە
دەمێکە ئەم وڵاتە پەستی بێ عیلمی و نەزانیینە
لەسایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆرەی زەفەرتانە
دەخیلە دەستە دامانم لەدەس خۆت بەرنەدەی فرسەت
نەڵێی لابە بەمن چی با نەکەومە کێشە و زەحمەت
بەبێ زەحمەت نەبینراوە براکەم ڕەحمەت و نێعمەت
زبانی حاڵی ئەحمەدکەس هەر ئەڵێ وریا بن ئەی میللەت
بزانن بەردی ئەم سەحرایە ئەڵماس و گوهەرتانە