خواوەندی وەفا
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
2 خولەک
436 بینین
زلێخای یەمەن، لەیلا یان شیرین
کەی بە تۆ بوون ئەی گیانی شیرین
کەی بەقەدەر تۆ خاوەن وەفا بوون
کەی ئەوەندەی تۆ چەشتەی سزا بوون
کەی وەک تۆ وەفادار و دڵسۆز بوون
کەی بە چەشنی تۆ بەڕاست و سۆز بوون
من بڕوا ناکەم هیچیان بە «وەفا»
شانی لە پلەی ئەمڕۆکەی تۆ با
کەچی ژیانیان داستانی ئەمڕۆن
لەسەر زمانی نەک هەر من و تۆن
بەڵکوو هەزاران کەسی ئەم دنیایە
باسی دڵداری و وەفایان ئەکا
هەتاهەتایە باسیان ئەمێنێ
مێژوو بۆ هەموو دەورێ ئەینوێنێ
بەوەشدا ئەمڕۆ خەڵکی ئەم دەمە
وەفای ئێمەیان هەر لەسەر دەمە
ئەوەی نموونەی سەدەی ئەمڕۆیە
خۆشەویستییەکەی هەر من و تۆیە
کۆمەڵانی خەڵک، گشت وەفای تۆی ژیر
بۆ یەک باس ئەکەن ساوا و لاو و پیر
بۆ نموونەی ڕاست باسی ئێمەیە
لە هەرچی شار و دێهاتێ هەیە
ئەویش هەر چاکەی تۆیە بەتەنیا
بوویتە نموونەی ڕاستی بەوەفا
بۆیە ئەوەشم باش لەبەر چاوە
سەدان ساڵی کەش لەمڕۆ بەدواوە
مێژوو هەر باسی وەفای تۆ ئەکات
ئەم خۆشەویستییە ڕاستییە دەرئەخات
ئەو هەڵبەستانەی کەوا نووسیومن
هەر یەکەی لەتێ لە جەرگی منن
گشتیان شایەتی وەفاداریی تۆن
لەسەر دڵداری و ڕاستیمان ئەڕۆن
ئەم وەفا و ڕاستی و دڵسۆزییەت خۆ
منی کردۆتە پەرستەری تۆ
وەفای تۆ ناوی وا دەرکردووە
هەرگیز وەکوو تۆ وەفادار نەبووە
بۆیە من بە خوای وەفات دائەنێم
چونکە تۆی کەوا ژیان ئەدەی پێم
تۆی کە هەر دڵ و گیانی من بیت
هۆی بەختیاریی ژیانی من بیت
تۆی کەوا لەگەڵ مندا هەردووکمان
پێکمان هێناوە یەک لەش و گیان
هەر یەکە نیوەی ئەوی ترمانین
یەک لەشولار و یەک دڵ و گیانین
کەواتە ئیتر گیانە لەمەولا
بۆ مێژووش هەر تۆی خواوەندی وەفا
منیش ئەو تاقە کۆیلەتم کەوا
تا ئەژی بەرەو ڕووت کڕنووش ئەبا