ئاگری نەورۆز

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 1 خولەک  494 بینین
ئیسک و پرووسک و لاشەی شەهیدان
هیی ساوا و لاو و پیر و ئافرەتان
گشتی پێخۆر و بڕشتن ئەمڕۆ
کورد بە دەستی خۆی هەمووی کردوون کۆ
لە تەوقی سەری لووتکەی کۆڵنەدان
بوونە خەرمانی دیاری تێکۆشان
ئەو خوێنە ئاڵە پیرۆزەش کە کورد
بێ چاوچنۆکی ڕژاندی بە گرد
لە ڕێی ڕزگاریی ئەم کوردستانە
بەنزین و نەوتی سووری سووتانە
بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز
بە گشت بڕواوە بە دڵ و بە سۆز
قڵپاندمانە سەر سەراپای خەرمان
جا بە هەناسەی سەختی دایکەکان
بە قرچەی جەرگی جەرگ بڕاوەکان
بە کڵپەی سۆزی گشت ئاوارەکان
گڕ بەرئەدەینە ئا ئەو خەرمانە
کە لاشە و ئێسک و خوێنی خۆمانە
گڕ و مەشخەڵی با بەرز بێتەوە
شەوقی با زەمین گشت بگرێتەوە
بزانن ئێمە کە جەستەی خۆمان
ئەکەینە چرای ڕێگای تێکۆشان
خۆمان ئەبینە سووتەمەنی و گڕ
خۆمان ئەبینە مەشخەڵ و ئاگر
ئاگری نەورۆز وا ئەکەینەوە
گرەوی ژیان هەر ئەبەینەوە