هێزی جووتیار

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 1 خولەک  633 بینین
ئێمە چینی جووتیارین
دژی زوڵم و زۆردارین
ئاوەڵی کرێکارین
خەبات ئەکەین ناسرەوین
تا دەستکەوتی ماف و ژین
هەموو ئازادپەروەرین
وەکوو پشکۆ و ئاگرین
هێزێکی قەت نەمرین
بۆ ئازادیی نیشتمان
بەختین سەراپا گشتمان
بەرەو کۆشکی زۆرداران
مل ئەنێین بە هەزاران
تا تەخت ئەبێ وەک جاران
جا جووتیار و کرێکار
ڕزگار ئەبن لە زۆردار
ئەڕۆین بەرەو ڕووی مەبەست
هەموو دەست ئەدەینە دەست
بۆ وڵاتێکی سەربەست
تاکوو هەموو وەک یەک چین
بە بەختیارانە ئەژین
دوژمنی خوای شەڕانین
هەموو ئاشتیخوازانین
بەختی ڕێی نیشتیمان
ژین بە ئاشتی بەسەر ئەبەین
خۆمانی بۆ بەخت ئەکەین
پەرژینی ئەم وڵاتەین
ئەیپارێزین هەتا هەین
کوردستانمان پێش ئەخەین
ئەو ئەبێ بە جێی بڕوا
گەل لە پێناویا ئەڕوا