خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین

لە کتێبی:
دیوانی نالی
بەرهەمی:
نالی (1800-1877)
 1 خولەک  9556 بینین
خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین
کە ناچین، لێرە خۆشە چینی ماچین
برۆت هەر چین و پەرچەم چین لەسەر چین
ئەمەندە چینە، قوربان، پێم بڵێ چین؟!
شکافێکە کڵافەی نافی زوڵفت
دەڕێژێ میسک و عەنبەر لێرە تا چین
لەسەر بەرگی گوڵێکی باغی حوسنت
هەزار، گوڵچینی بێبەرگ و نەواچین!
ئەتۆ میهری و مەهڕوویان ستارەن
لە خزمەت شەوقی تۆدا شەوچرا چین؟!
هەموو زەڕڕاتی میهری ڕووتە با قین
خودامان بۆ بەقایە لێرە لاچین!
بڵێ نالیناسناوی ئەدەبی بە ئەربابی وەفا: بێن
هەموو موحتاجی خاک و بێڵ و پاچین