ڕزگار ئەکەم دڵ

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  613 بینین
لە دەس دڵداری من ڕزگار ئەکەم دڵ
لە ناز و ڕازی یار بێزار ئەکەم دڵ
لەگەڵ بێهۆشی هەردەم ئاشنا بوو
بە پیاڵەی بادە هووشیار ئەکەم دڵ
گەلێ بێچارە بەندی داوی ئەو بوو
بەرم دا ئێستا هەتا چار ئەکەم دڵ
بە خۆشی بردە سەر دڵ پار و پێرار
بە یادی بەزمەکەی پێرار ئەکەم دڵ
بمێنێ با بە خۆشی و شادمانی
ڕەوانەی گوڵشەن و گوڵزار ئەکەم دڵ
لە دووری چیمەن و ڕووبار و کارێز
بە بادەی سادە من تیمار ئەکەم دڵ
هەتا ماوم بە دەرمان و بە سەیران
تەریکی من لە هەر ئازار ئەکەم دڵ
ئەوەی دیبووی لە دەس عەشق و لە دەس یار
هەمووی یەکجارە بۆ تۆمار ئەکەم دڵ