هات بە لەنجە و لار

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  618 بینین
نیگار هات بە لەنجە و لار
دای لە دڵم یەک پلار
پلاری عەشق و جوانی
نەک پلاری بەرد و دار
دڵی خستمە خوارێ
کەوتە ئاوی سەرچنار
ئاو زوو دڵی ڕاپێچام
بە گوڕ بردی سەرەوخوار
بە پەلە شوێنی کەوتم
کە بیگرمەوە ناچار
زۆر بە خێرا ئەڕۆیشتم
وەک نەفام و شێت و هار
بە داخەوە ئاو بردی
بۆ زەلکاوی ماسی و مار
هیچ کەس نەکەوتە فریام
هەرچەندە کردم هاوار
بۆخۆم بێ دڵ مامەوە
بێ هۆش و گیان بە ئازار
ئەمەش کارەساتی عەشق
کردمی پەست و هەژار