گەمارۆی داوم

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  653 بینین
غەم لە گشت لاوە گەمارۆی داوم
بۆ دڵ، بۆ مێشک، بۆ سەر، بۆ چاوم
ئەمەوێ بچم بۆ شادی گوڵزار
غەم ئەڵێ ناچی من لێرە ماوم
مەی ئەخۆمەوە غەم لێم دوورکەوێ
ئەچێتە ناخی دڵەی شکاوم
ئەچم بۆ لای یار دڵ بکرێتەوە
یار ئەڵێ بڕۆ لە تۆ ڕەنجاوم
گوێ لە گۆرانی و مۆسیقا ئەگرم
شادی ناگاتە دڵی فەوتاوم
ئەڕۆم بۆ شاران بۆ هەوار گۆڕین
نەختێ ساڕێژ بێ جەرگ و هەناوم
بەڵام ئەوانە هەمووی بێسوودە
غەم وای لێ کردووم لە ژین تۆراوم