شەرمەسار ئەمێنم

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  696 بینین
لە بۆ دڵداری شیرینم ئەبێ من گوڵ بکەم پەیدا
ئەگینا شەرمەسارم من ئەمێنم هەر وەکوو شەیدا
لە بەزم و ڕەزمی گوڵزارا لەگەڵ یارانی ئازادا
ژیانم تێپەڕی ئیمشەو لە بەزمی عارەق و مەیدا
ئەمن پێویستە تێپەڕ کەم ژیانم هەر بە دڵشادی
بەڵام چی بکەم براکانم ئەگەر ئەم کارە خوا نەیدا
کە دەستم کورتە ناگاتە هەناری بانی سینەی یار
بە ناچاری گەڕام ئەمشەو لەناو باخی گوڵ و بەیدا
ئەبێ چی بێ ئەمن چارەم کە بەختم یاریدەی نادا
کە ئاهم پیشە بێ قوربان لە کات و ساتی ئۆخەیدا