ئاگری غەم

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  684 بینین
ئەو نیگارەی شەو بەلای مندا کەوا لای کردەوە
ئاگری غەم چی لە دڵمابوو هەمووی دامردەوە
ڕووی لە من کرد و وتی میوانی من بە تا بەیان
ئەم دڵە ڕەنجاوەمی بۆ لای جەنابی بردەوە
من کە دەسکەوتم لە ژینا هاودەمیی ئەو یارەیە
ئیکە بۆ چی تل بدەم هەردەم بە داخ و دەردەوە
پرتەقاڵی سینەیم ئەمڕۆ بە نەرمی تێر گوشی
لایبە لیمۆ گیانە چیم داوە بە ڕەنگی زەردەوە
ئێستە دڵشادم کە بەردەرگانەکەی یار جێگەمە
بۆ چی ئیتر من بسووتێم وا بە دەشت و هەردەوە
من بە حاڵ و ماڵی دنیا تازە هیچ کارم نییە
هەرچی هەمبوو ڕۆی بە یەکجاری بە دەستی مەردەوە
زۆر بە خۆشی من بەسەر پردی ژیانا تێپەڕیم
شەو کە گۆنای نیگارم دی لە ژێر پردەوە