حەنایی کردووە پەنجەی بە خوێناوی دڵی زارم
لە کتێبی:
دیوانی نالی
بەرهەمی:
نالی (1800-1877)
1 خولەک
6300 بینین
حەنایی کردووە پەنجەی بە خوێناوی دڵی زارم
ئەمە ڕەنگە شەهادەت بێ کە کوشتەی دەستی دڵدارم
گوتم: ئایا بە زاری خۆت دەپرسی حاڵی زاری من؟
برۆی هێنایە یەک، وەک شکڵی «لا» یەعنی کە بێزارم
عەجەب ئەستێرە شەو هەڵدێ لە تاوی خوسرەوی خاوەر
بە ڕووی تۆم دیدە هەڵنایێ شەو و ڕۆژ، ئەرچی بێدارم
تەبیبی من دەبێ دەخڵی هەبێ، ساحیب ئیشارەت بێ
مەگەر چاوت بزانێ من لەبەر چی مەست و بیمارم!
بە سەروم وت کە ڕاستە سەرکەش و بەرزی، کەچی لەرزی:
کە فەرقیشم بگاتە ئاسمان بەندەی قەدی یارم!
لە شیرینی ئەتۆ، ئەی خوسرەوی تەختی زەمین، ڕەنگە
بگاتە ئاسمانی بێستوون فەرهادی هاوارم
برۆت باڵی هوما سایەی سەری سوڵتانی حوسنت بوو
خەتت هات و وتی: من ناسیخی توغرایی خونکارم
سەراپا هەروەکوو حەڵقەی زرێ پەروێزەیی خوێنم
بە یەک یەک تیری موژگانی زرێ دۆزت بریندارم
حەمایێڵ کە دەمی تێغت لە حەڵقەی گەردنی نالیناسناوی ئەدەبی
مەگەر تێراو ببم بەو ڕەنگە، تینووی ساعیدی یارم