دەنگ و باسێک لەگەڵ شەیتاندا

لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 6 خولەک  956 بینین
لە یەزدان ڕەنجام چوومە لای شەیتان
وتم: ئەی گەورەی هەموو خراپان
ئەی گەورەی کوێری شومی جرتە بۆز
وا هاتوومە لات بمخەیتە ناو هۆز
ئەمە چل ساڵە خەریکی چاکەم
ویستم ئاوازێ بۆخۆم پەیا کەم
ویستم لە گەلدا بەرز و بەڕێز بم
لە دنیای ژینا توند و بە هێز بم
هەموو سامان و هەست و هێزی خۆم
دانا تا بەری داری ژین بخۆم
کە چی سەراپا ڕەنجم بە با چوو
فریشتەی شادی لە ڕێما لاچوو
لە نەردی ژیان دوو شەشم نەدی
غەیری تاریکی ڕووی ڕەشم نەدی
لە جیاتی شنەی بای بەختیاری
دوچاری من بوو کزەی ناچاری
ئینجا ئەی پیشەی چەوت و ناپاکی
لە گیانم دەرکە تروسکەی چاکی
تا لە پێناوی دروشمی تۆدا
بەختیارییەک من بکەم پەیدا
شەیتان کە زانی ڕاستە وتارم
بە دڵ لە چاکە پاکیی بێزارم
وتی: ئەی ئازیز سا بەخێر هاتی
ڕزگارت ئەکەم زوو لە نەهاتی
گەر شاگردێکی زۆر چاک و ژیر بی
ناهێڵم هەرگیز پەست ودڵگیر بی
ئەتکەم بە میری وڵاتی نەگبەت
بە خەڵقان بدە خەڵاتی خەفەت
هەرچی کە زانیت ڕاست و بەڕێزە
یاخو خاوەنی سامان و هێزە
بێ زار و زارە ڕەنجەڕۆی ئەکەی
دوچاری ساختە یا درۆی ئەکەی
لە کەس و کاری زوو ئەڕەنجێنی
خۆشی ژیانی لێ ئەشێوێنی
چاکی و ڕوناکی و پاکی لائەبەی
ئاڵای سەربەرزی سەرنگون ئەکەی
بەڵام گەر هات و لە فەرمانی من
دەرچی ئەتخەمە بەحرێکی بێ بن
وتم: ئەی گەورەی شومی نالەبار
بە ڕاستی هاتووم بمخەرە سەر کار
هەموو فەرمانت بە جێ ئەهێنم
توخمی ناپاکی زۆر چاک ئەچێنم
ئەبمە گەورەتر دوژمنی چاکە
تا ژینم ماوە لەسەر ئەو خاکە
لە شێخ و مەلا و سۆفی دوور ئەبم
بە مەرگی ئەوان من مەسروور ئەبم
بۆ دز و پیاوکوژ کڕنوش ئەکێشم
زیان ئەبەخشم بە خزم و خوێشم
ئەچمە خەرابەی پڕ لە وەیشومە
ئەخەمە دڵی کەسان هەم هەمە
داو ئەنێمەوە بۆ خودا پێداو
هەتا ئەیخەمە حاڵی گیانە ڵاو
لە گەورە مەردان وا سەر تێک ئەدەم
تا ئەیانخەمە گەرداوی عەدەم
ناکەسان دێنم بۆ گوڵزاری ژین
کەسان ئەخەمە ناو گێژاوی ژین
ڕێ نادەم مەردان بچن بۆ مزگەوت
یا پیاوی خواناس ببینێ سروەت
تاقیم کەرەوە بە لەعنەت کراو؟
بە جێ ئەهێنم فەرمانت تەواو
چونکە لە چاکە نەمدی بەرهەمێ
دەسگیرم نەبوو پوڵێ، دەرهەمێ
لە دنیای چاکە تەواو وەرس بووم
کاس و کەساس و سەرسام و کز بووم
ئینجا شەیتانی شومی بەدچارە
لە نۆکەرێکی خۆی کرد ئیشارە
وتی: ئەی «فەڕنوس» هەستە زوو بڕۆ
بە ئاوێکی پیس ئەم پیاوە بشۆ
لەشی چەورکە بە پیوی بەراز
هەموو موی لەشی ڕاکێشە بە گاز
شێوەی بگۆڕە نەناسرێتەوە
لەناو وڵاتا بسوڕێتەوە
فیتنە و ئاژاوە و شومی بەرپاکا
لەدەست فریشتەی ڕەحمەت هەراکا
برا بکاتە دوژمنی برا
باوک بە قڕ دا بەدەستی کوڕا
بەینی دایک و کچ وەها تێک بدا
کە لەیەکتریان باش بکا جودا
ئاڵۆزی ژیان بخاتە ناو گەل
بۆ کەس نەهێڵێ ترووسکەی ئەمەل
گەر هات و دەرچوو لەم تەجروبانە
ئەوسا چاکترین ڕۆڵەی خۆمانە
ئەوکاتە لەدوی ئەم پەند و بەندە
لەپاش ئەم کارە زۆر ناپەسەندە
سەراپا گۆڕا ڕەنگ و سروشتم
لە پیشەی شەیتان باش تێگەیشتم
ویستم کاری نوێ تاقی بکەمەوە
مرۆڤایەتی لێم دوور خەمەوە
چوومە کڵێشەی پیاوێکی خواناس
کە تەڵاق بدا خێزانی کەساس
ژیانی ماڵی بکا بە ئاگر
دوور کەوێتەوە لە خودای نەمر
بەڵام هەرچەندە کەوا تێکۆشام
هەر وەکوو شەیتان بەم کارە هەستام
ڕەنجم بە با چوو هیچ سەرنەکەوتم
لە خەراباتی سەغڵەتا خەوتم
مەردی خواناس گەلێ لە جاران
چاکتر دڵشادی خستە ناو خێزان
خۆشی ڕووی کردە ژن و مناڵی
بەرگی ماتەمی لە ژین داماڵی
تەنیا ڕووڕەشی بۆمن مایەوە
ناحەز بەم حاڵەی من حەسایەوە
ئینجا چوومە لای پیاوێکی نامەرد
جرتە بۆزێکی بەهێز و نەبەرد
بە قسەی نەرم و خۆش و خەندەوە
ویستم بیخەمە ناو گۆبەندەوە
یاخود لەڕێ و بان دەسکە بە تاڵان
گوێ مەدە ناڵەی ژن و مناڵان
هەرچی هاتە ڕێت بیکوژە خێرا
خۆت نزیک مەخە لە کاری خێرا
منداڵ لە کۆشی دایک دەربێنە
دڵی بە پشکۆی غەم بسووتێنە
ئاگر بەر بدە لە دەغڵ و خەرمان
ژیان لە فەلاح هەر بکە بە ژان
لەم قسانەی من کابرا گرژ بوو
وەک ئەسپی سەرکێش لە جڵەو دەرچوو
وتی: ئەی خوێڕی شاگردی شەیتان
ئەتەوێ ئاوا دەستم کەوێ نان
ئەتەوێ ملم بکەی بە دارا
ببم بە عیبرەت لە گوند و شارا
بڕۆ دوورکەوە بەوکاری بەدخوو
هەتا نەتکوژم، ئەی بێ ئابڕوو
عەرەبانەکەت خێرا ڕاکێشە
بڕۆ بۆ چیا و جەنگەڵ و بێشە
ئینجا چوومە لای لاوێکی زەنگین
گەنجێکی بۆشناخڕەنگ و خووشیرین
دیم دانیشتبوو بێ دەنگ و سەرسام
وتم ئەی لاوی خاوەن هۆش و فام
بۆ چی وا ماتی لەچی دڵگیری
دیارە بە داوی عەشق ئەسیری
خۆ تۆ خاوەنی سامان و پارەی
بە پارە ئەکرێ هەر کارێ چارەی
باوکت خاوەنی ملیۆن دینارە
خاوەنی باغ و کۆشک و تەلارە
تۆ لاوی مەیلت لە عەیش و نۆشە
ژیانی بێ ژان ئێستاکە خۆشە
بچۆ سەر قاسە پارە دەربێنە
چیت ئەوێ بیکە دڵت مەشکێنە
بە ڕاست و چەپا فڕێیدە پارە
گەر بۆ تیا ترۆیە یا بۆ قومارە
سامانی باوکت ئەوەندە زۆرە
قەت تەواو نابێ هەرگیز بەم جۆرە
عەیبە دانیشی وەها بە پەستی
بژی بە شادی، یاخو بە مەستی
لاو قینی هەستا لە وتاری من
لەم کارە نەبوو بە هاوکاری من
وتی: ئەی پەستی خانی نالەبار
ئەتەوێ ببمە پەندی ڕۆژگار
من چۆن لە دنیای چاکە دەرئەچم؟
بۆ ناو گەلداری بەدناوی ئەچم
لە ڕێگەی هەستی بەرز و بەنەرخا
ژیان سەرف ئەکەم لە دەور و چەرخا
بڕۆ خۆت لادە دوورکەوە لە من
بچۆرە خزمەت شەیتانی مەزن
بڵێ لەم ڕێگە من سەرناکەوم
لە فریو دانا قەت دەرناکەوم
ئەم قسە تیر بوو کە دای لە جەرگم
ئاواتەخوازی هاتنی مەرگم
زانیم کەس بە من فریو نادرێ
کاری شەیتانی بە من ناکرێ
بۆ نالەباری من نەخولقاوم
هەرچەند هەژار و غەمگین ژیاوم
هەموو خراپی دوورە لە پیشەم
ئەم جۆرە کارە دەردێنێ ڕیشەم
با دوور کەومەوە لە شەیتانی شوم
بۆ هاوکاری ئەو نییە ئارەزووم
ئەگەڕێمەوە بۆ دنیای ڕووناک
ئەبمە هاودەمی مرۆڤانی چاک
پڕۆپاگەندە ئەکەم بۆ چاکی
لا ئەدەم لە ڕێی چەوت و ناپاکی
گیانم بەخت ئەکەم بۆ هاو وڵاتم
هەتا دێتە دی هەموو ئاواتم
تۆبەی ڕاست و حەق ئەکەم بۆ یەزدان
سەد هەزار لەعنەت ئەکەم لە شەیتان