تا کەی

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  491 بینین
بمێنم بەم غەم و ئازارە تا کەی
بژیم سەرسام و پەتیارە تا کەی
وەکو مەجنوونەکەی دەشت و بیابان
ئیشارەم لێ بکەن لەم شارە تا کەی
ئەوا وەختە دڵم دەرچێ لە سینەم
نەنۆشم عارەقی دووبارە تا کەی
کەسان و ناکەسان لەو یارە شادن
بەشم ناشادییە لەم یارە تا کەی
ئەرێ ئەی چارەسازانی خواناس
ئەکەن چارێکی ئەم بێ چارە تا کەی