بێ موبالات

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  642 بینین
وەرە با لە ژین نەکۆڵینەوە
چۆنی بە وردی نەبێژینەوە
بێ موبالاتی بکەینە ڕابەر
فەلسەفەی ژیری نەخوێنینەوە
تاکوو هەمانە نۆشی گیانی کەین
غەمی دواڕۆژ نەچێژینەوە
مەرگ و تانگانە دەربکەین لە یاد
لە پرسە و ترسی نەپرسینەوە
ئەوەی چوو وا چوو لە دەرد و ئازار
با ڕێسی قرچۆک نەڕێسینەوە
لادەین لە دەرد و ڕەنجی سیاسەت
بەم کارە سەرمان نەپێچینەوە
ئێستا لە دەستا هەیە دوو سێ ڕۆژ
بە مەستی و شادی بیبڕینەوە
لەناو گوڵشەنا ژین بەسەر بەرین
ئەمڕۆ بەسبەی نەگۆڕینەوە
لەگەڵ نیگارا لەباخی شارا
جێگا بۆ شادی بدۆزینەوە
با ماچی گۆنا مەزەی بادە بێ
بێ ئاو بە سادە بینۆشینەوە
بچینە بەزم و ڕەزمی گۆرانی
یا ڕەشبەڵەک و هەڵپەڕینەوە
خەندە بکەینە شیعاری ژیان
بە لای گرژیا قەت نەچینەوە
بۆ خۆشەویستی کۆچکردوو نەگرین
چیرۆکی ناسۆر نەگێڕینەوە