بە تۆ چی
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
874 بینین
ئەوا من خۆش و شادانم بە تۆ چی
خەریکی بەزم و سەیرانم بە تۆ چی
لە باغ و گوڵشەنا سەربەست و مەستم
هەواڵی غەم کە نازانم بە تۆ چی
لەگەڵ مەیدا لەگەڵ نەیدایە کارم
کە دوشمن وا بە گریانم بە تۆ چی
بە من یاری جوانم ئاشنایە
لەلای دوو ڕۆژە میوانم بە تۆ چی
کەمن ئەستێرەکەی بەختم بڵندە
ژیانم خۆشە بێ ژانم بە تۆ چی
لە دنیادا بەهەشتم پێ دراوە
دیارە ئەهلی ئیمانم بە تۆ چی
لە ناخۆشی لە بێچاری تەریکم
بە شەوقە شوێن و نیشانم بە تۆ چی
بڕۆ ئەی ناحەزی ناکەس بناڵە
تنۆک نایە لە چاوانم بە تۆ چی
قسەی ئەو یارە وەک ئایەت وەهایە
ئیتر بێ باکی پەیمانم بە تۆ چی
نییە کارم بە دکتۆر و بە دەرمان
کە ماچی دەم بێ دەرمانم بە تۆ چی
لەلام قانوون شتێکی بێ وجوودە
کە من بێبەش لە تاوانم بە تۆ چی
هەموو دنیا کە هی تۆ بێ بە من چی
خەزێنەی عەشقە سامانم بە تۆ چی