ئاوازی ناساز
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
650 بینین
ئەوەی ئاوازی ناسازە ئەبێ دوور بێ لەتەک سازا
ئەوەی ڕەوتی وەکوو قازە ئەبێ نەفڕێ لەتەک بازا
ئەوەی پێچ و پەنای زۆرە شەقامی ڕاستی لا چەوتە
ئەبێتە کۆسپی ڕێبواران کەوا بڕوا بە ڕێبازا
ئەوەی بێکار و بێچارە دەستی ناگاتە ئاواتی
مەلێک باڵی شکا نابێ ئیتر مەیلی بە پەروازا
ئەوەی هەوڵێک نەدا ئەمڕۆ و سبەینێ برسییە و ڕووتە
سەری زۆر بەرزە تێکۆشەر ئەژی زۆر چابوک و ئازا
ئەوەی نازداری دایکی بوو کە باوکی کۆچی دنیای کرد
کەساس و کاسە ئێستاکە لەگەڵ بێکار و بێ نازا