ڕەنجی بەباچوو

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  709 بینین
ئەگەر ڕەنجم بەبا نەچوایە بۆ دەسکەوتی ئاواتم
سەراپا بۆ بەختیاری بۆ لەژینا من هەموو کاتم
ئەگەر ئەو یارە نەشکایە دڵی لێم بۆچی ئێستاکە
وەها ئاوارەبووی بیابان و شار و خەراباتم
ئەگەر بای وەیشومەی نەگبەت بینای شادیم نەڕووخێنێ
لەبەرچی من وەها مەست و پەرێشان و کز و ماتم
ئەگەر یاران وەکوو جاران بیانمایە وەفا و پەیمان
لە عەرشی بەرزی یەزدانا ئەبوو خۆشی هەموو ساتم
ئەگەر دێوی نەهاتی لائەدا لێم سێبەری شومی
ئەزانم چۆن ئەکەم پەیدا فریشتەی ڕووگەشی هاتم