گوڵ و خونچە

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  1868 بینین
گوڵ و خونچەی بەهارانیش لە تۆ نەشمیلەتر نابێ
نەمامی عەرعەری کۆرپەش لە تۆ خنجیلەتر نابێ
لە عالەما لە تۆ چاتر، لە تۆ مەحبوب و شیرینتر
ئەگەر دەعواچیەک مابێ درۆ ناکا دەسا با بێ
دەسا با بێن بە سەف یەکسەر هەموو چاومەست و گوڵ ڕومەت
بزانین چۆن ئەبێ مەحبوب ئەوی وا لافی لێدابێ
درۆیە تۆ لە ئینسان بی ئەمە عەقڵم قبوڵ ناکا
پەریش حەدی نییە وابێ ئەبەد حۆریش بە تۆ نابێ
کەوابوو تۆ لە شوعلەی نوری پاکی سونعی یەزدانی
ئەبێ جێگای ئەسلیشت عەتارید یا سورەییا بێ
بتی تۆ، ئەتپەرستم من، عیبادەت بۆ کەسێک ناکەم
ئەگەر چی ئاگری جوملەی جەهەننەم بۆم لە کارا بێ
ئەوا سووتام گڕم تێبەربوو گیانە بمگەری توخوا
بە ماچی تۆ نەبێ وەڵڵاهـ برینی من دەوا نابێ
بە لەنجە و ناز و غەمزە و عیشوەی ڕەفتار و گوفتارت
هەزاران فیتنەها ناحەق نییە گەر بێت و بەرپا بێ
بە لامانا کە نایەی باکی قەهری خوات نییە زاڵم
زەمانە هەروەها نابێ هەتا چەند ساڵی با وا بێ