دڵ چییە
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
1692 بینین
دڵ چییە بەحری غەمی ڕوخساری فەتتانی ئەوە
گوڵ چییە هەمزاری لێوی ئاوی خەندانی ئەوە
ئەو چییە سوڵتانی عەشقی کائینات و عالەمە
ڕۆح لەبەر هەرچی ئەبینێ ڕۆح پەرێشانی ئەوە
ڕۆح چییە ئەو حەمادێکە لەسەر سەحرای وجود
من ئەڵێم هەر لائیقی بەردە بارانی ئەوە
من چ نیم فەردێک لە زومرەی وەحشیانی عالەمم
سەد من سەد تۆ لە ئانێکا بە قوربانی ئەوە
سەد چییە دوو سەد، هەزاریش بن بە قوربانی کەمە
چونکە خوای عەشقە جیهان گشت عەبدی فەرمانی ئەوە
عالەم و ئادەم بە ئازاد و بە کۆیلە و عەبدەوە...
یەک کەڕەت ئەڵقە بەگۆش و شێت و حەیرانی ئەوە
ئەم سوئالانەم لەگەڵ ڕەددی جواب و شەرحیا
بێ گومان قانونی وەسفی حوسن و ئیحسانی ئەوە