ئەوا پیری هات بوو بە میوانم
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
1 خولەک
820 بینین
#
ئەوا پیری هات بوو بە میوانم
#
چەن عەیبی هێنا دای نا لە شانم
#
بێ هێزی ئەژنۆ و حوکمی چاوانم
هەتا کۆتایی ماڵی وێرانم
#
ڕەزیل و خستەی پەنای دیوارم
#
لە سەر تا بە پێ گشت دەردەدارم
#
لە هیچ جێگەیە نییە قەرارم
لایەق بۆ مردن چاکە نەمامم
#
تەمەنی لاوی بە خۆش و شادی
#
بە هەوا ڕۆی بە دڵ ئازادی
#
بەکام و بە شەوق زۆر بە گوشادی
ئەوا تەواو بوو عومری جوانم
#
سا بەچ ڕوو ڕوو کەمە مەیدان
#
بە ڕوویەکی ڕەش بە کۆڵێ عوسیان
#
بە خۆم ماڵ کاول سەد جار پەشیمان
چاو شۆڕ و ڕیسوای دەور و جیرانم
#
ئەوراق حازرە لەبەر دەس حاکم
#
لە ئیمڕۆ بە دوا بۆ مردن چاکم
#
ئەوەڵی خاک و ئاخری خاکم
پشتم لە دونیا ڕوو لە قەبرانم
#
هیچ چاکەم نەبوو لە داری دونیا
#
توێشەم هەڵ نەگرت بۆ ڕۆژی جەزا
#
ڕوو زەرد و مل کەچ لە مەیدانی خوا
هەر خۆم بێ چارە و ڕەنج بە خەسرانم
#
لوتفیناسناوی ئەدەبی تۆ تازە عومرت لەدەس چوو
#
مەیخەرە یادت زەمانی پێشوو
#
ئەوەی کە ماوە هەڵسە زوو بە زوو
بڵێ ئەی خودا دەخیل ئامانم