سوبحی نەورۆزە و گولستان سەبز وخۆش و خوڕڕەمە
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
2 خولەک
500 بینین
سوبحی نەورۆزە و گولستان سەبز وخۆش و خوڕڕەمە
ئاسمان بێ تۆز و گەرد و ساف و جوان و بێ تەمە
سا لە خەو هەستە دەسا دەی گوڵڕوخی خۆش خەت و خاڵ
بێ تەجەللای ڕوویی میهر ئارات، جیهانێ ماتەمە
سوبحی جەژنی وا موبارەک ڕۆژی عیدی وا سەعید
بادەیی ڕەنگین حەڵاڵە، خۆشە ماچی ئەو دەمە
دەردی عاشق سا دەوا کە! ئەی گوڵی سیمین عوزار!
بۆ شیفای زامانی دڵ، عەننابی لێوت مەرهەمە
شاری دڵ مەخرووب و موڵک و میللەت و مەوتین خراپ
هەرچی بۆ تەعمیری بکرێ چاوەکەم هێشتا کەمە
چاوی پڕ خاوت هەڵێنە! نیم نیگای لوتفێ بکە!
سەیری کوردستانی خۆت کە! چەند پەشێوە، پڕ خەمە
وەختی دەوری ئینتخابی تازەیە دیسان لە نەو
میللەت و مەوتین فرۆش کەوتوونە کار و جومجومە
تا لەدەس نەچووە، عیلاجی عاشقی دڵدارە کەن!
ئینتخابی یاری دڵسۆزێ بکەن تا نەبێتە هەمهەمە
هەرچی تەعقیبی سەلاحی حاڵ و ماڵی خۆی نەکات،
ئاخری ئیشی ئەبێتە مەسخەرە و گاڵتە و گەمە
هەر کەسێ کەس بێ، بەسە ئەم نیکتە بۆ ئەو تا ئەبەد
گەر بەمەش حاڵی نەبێ، بێ سوودە بەستە و زەمزەمە
دەردی دڵ زۆرە بەیان ناکرێ لەبەر تەنگی مەجال
دیزە با دەرخوونە بێ، تا دوورە وا بێ ئەم دەمە
بێ مودارا زەحمەتە بچیە مەقاماتی بوڵند
شاهۆناسناوی ئەدەبی ئەمڕۆ سەبرە بۆ بابی تەعالی سوللەمە