بە جارێ مەستی کردم بۆسەیێکی ئەو دەم و لێوە

لە کتێبی:
دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
بەرهەمی:
ئەوڕەحمان بەگی بابان (1880-1967)
 1 خولەک  1069 بینین
بە جارێ مەستی کردم بۆسەیێکی ئەو دەم و لێوە
مەگەر لیکی دەمی ئەو دولبەرە، شیلەی ڕەگی مێوە؟
بە تۆفانێ لە ئەشکی ئاتەشینم قەد نەرم نابێ
مەگەر گۆشتی دڵی ئەو کافرە، بەردی ڕەقی کێوە؟
لە سەر سەفحەی گوڵێکی ئەرخەوانی، نوختەیێکم دی
مەگەر ئەو کوڵمی ساف و نازکە خاڵێکی واپێوە؟
کە چاوی هەڵبڕی شوریێکی مەحشەر، دێتە بەر چاوم
مەگەر موژگانی ئەو شۆخە هەموو تیری دڵ ئەنگێوە؟
بە دوو غونچەی گەشم زانی دەسم بۆ چاکی سینەی برد
مەگەر ئەو دوو شکۆفەی نازک و نەرمینە دوو سێوە؟
شەوێ ڕێم کەوتە بەزمێ بێ مەی و ساقی هەموو سەرخۆش
مەگەر چاوی ڕەشی ئەو دولبەرە جام و قەدەح پێوە؟
لە ئاسۆی ئاسمان بابەناسناوی ئەدەبی چەپەربەندانی حۆری بوو
مەگەر هاتوونە سەیری لەنجەی ئەو شۆخی پەری شێوە؟