بۆ لێم ناپرسی برا گیانەکەم

ستایشی بەهار
لە کتێبی:
دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
بەرهەمی:
ئەوڕەحمان بەگی بابان (1880-1967)
 1 خولەک  1106 بینین
بۆ لێم ناپرسی برا گیانەکەم
خۆ من هاودەردی ناو وێرانەکەم
وڵاتەکەمان هەرچەند وێرانە
بەڵام بەڕاستی جێگای شاهانە
گوڵ و گوڵاڵە چنار و عەرعەر
ئەم دەشت تا ئەو دەشت، ئەم سەر تا ئەو سەر
وەنەوشە لە شاخ، نەرگس لە دەشتا
ڕەقابەت ئەکەن لەگەڵ بەهەشتا
ڕائیحە و بۆنی داری دارە بەن
لەنجە و خەرامی سەرو و یاسەمەن
هێشووی زەرد و سوور، داری بەڵاڵووک
ئاخ و داخ ئەدا بە سەد زاوا و بووک
مێرگی ڕەنگاوڕەنگ قەراخی چەم ئاو
قەوسوقەزەحە لەبەر خۆرەتاو
جۆگە و جۆباری کانی و کانیاوی
لە نیل و جەیحون زیاترە باوی
خاسسەی وڵاتی کوردەوارییە
بۆ قەومی ئێمە دیاریی بارییە
بابەناسناوی ئەدەبی تەبیعەت داویە بەم خاکە
هەرچی لە دونیا نایاب و چاکە