من و پیری خەرابات و دەری مەیخانە تا مردن
لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
2 خولەک
1856 بینین
من و پیری خەرابات و دەری مەیخانە تا مردن
من و ساقی و مەی و جام و قسەی ڕەندانە تا مردن
بڕۆ زاهید موبارەک هەر بە تۆ بێ مەسجید و میحراب
من و ئەبرۆی بتان و گۆشەیی بتخانە تا مردن
مەکۆگای دز وەکوو خەڵوەی موریدی شێخە بۆ چیمە
من و بەزم و نیگاهی دلبەرم مەستانە تا مردن
لە شەوقی عەشقەوە من مەشعەلی بەزمی حەریفانم
وەرە پەروانە بڕوانە ئەمە سووتانە تا مردن
لە ئیجلالی گوڵا شەیدایە بولبول دۆستی ئیقبالە
وەک ئەهلی ئێستە ئەلبەتتە بەشی هیجرانە تا مردن
بەناز نازت دەکێشن عاشقان دەشڵێن گرانجانە
بە ڕۆح نازت دەکێشم من لەلام هەرزانە تا مردن
لە پشکۆی غونچەیی لێوت بڵێ هەرچی کە پێت خۆشە
دەبا ڕەحمەت نەبێ زەحمەت بدە و بەسمانە تا مردن
مەداری ئیتتیهامم سووئی زەننی یارە بەم عەشقە
بڵێن ڕەنجی عەبەس دەردێکی بێ دەرمانە تا مردن
جەفای دلبەر مەڵێن ناخۆشە، خۆشە گەر قەدرزانە
وەفای خۆت تۆ بکە و بنواڕە ئەو عینوانە تا مردن
وتم بۆ تەجرەبەی ئەهلی موحیببەت خۆت مەڕەنجێنە
بەشی ئەو تاقمە مەعلوومە، سەردانانە تا مردن
لە بەینی ئەرز و ئەفلاکا ئەوی وەک زەڕڕە شەوقی بێ
ئەساسی خیلقەتە حەمدیناسناوی ئەدەبی کە سەرگەردانە تا مردن