کەنیشکە جوانەکە

لە کتێبی:
بەهەشت و یادگار
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 1 خولەک  1843 بینین
کەنیشکە جوانەکە بۆ چی فریبی حوسن و جەمال
هەڵت ئەداتە سەمایی تەکەببور و عەزەمەت؟
«الی الابدعەرەبی» نییە بۆ کەس مەلاحەت و شەوکەت
هەموو بەهارێ مرووری سەریعە بەرق میسال!
کەنیشکە جوانەکە: گوڵباغی شۆخ و ڕەونەقدار،
کە ئێستە مەوقیعی باڵایی، سەرتە مەستی غروور
ئەبینی ئاخری ڕۆژێ سوقووت ئەکا مەقهوور
لە ژێری پێی عەجووزا ئەبێتە تۆز و غوبار!
کەنیشکە جوانەکە: ئێستا ئەگەر بە سیحر و فسوون
هەزاری وەک من ئەکێشیتە داوی شۆر و جنوون
بە ئیبتیسامی نەوازش لەبت بکەی تەهزیز
دڵی هەزاری وەکوو من لە عەشق ئەکەی لەبریز
بەڵام سبەینێ کە پیری وەکوو حولوولی خەزان
بە ڕەنگی زەردەوە دەستی لە گەردنت ئاڵان
ئەکێشی ئاهی تەحەسسوور لەبەر خەساری دڵان
دڵانی پڕ لە شەباب و غەرامی جانبازان!