لە بەختی تار

لە کتێبی:
بەهەشت و یادگار
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 1 خولەک  2505 بینین
لە بەختی تاری شەو ناکەم شکایەت،
شەبیهە چونکە بەو زوڵفی سیایەت!
نییە قابیل بڕینی ڕاهی دووری
وەکوو پرچت کشاوە بێ نیهایەت!
بە هیچ خاکستەرێ ناگەم نەکا بۆم
لە ئەنجامی لەهیبی حوب حیکایەت!
کە تیری نیونیگات چەرخانە ئینسان،
قەفەس خاڵی ئەکا مورغی دیرایەت!
لە چاوی بەد، خوا عومری جوانی
قوبووڵ کا لێم بە پاداشتی ویقایەت!
خەوی منداڵ و سەهری عاشقی زار،
ئەبەخشێ حوزنی نەغمەی لایەلایەت!
هووەیدایە لە ڕەنگی ئاڵی دەستت
کە دائیم پیشەتە قەتڵ و جینایەت!
هەتا کەی، بادەنۆشی عەشقی تۆ بم؟
هەتاکەی، بێ مەزەی ماچی کیفایەت؟
دەخیلت بم هومای زولفەینی دڵبەر،
بەسەر سەرما بکێشە فەیزی سایەت!
بە گۆرانناسناوی ئەدەبی ناکرێ قەت تەرکی سەودا،
کلا نابم لەسەر جادەی هیدایەت!